dem: 02.02.2017 16:54 xwendin: 115

ئه‌مریكا، كورد و داهاتووی سووریا


ئه‌مریكا، كورد و داهاتووی سووریا
له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی سووریادا ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما وه‌كو پێویست رۆلی خۆی له‌ سووریا نه‌گێڕا، بۆیه‌ رێگا بۆ چه‌ند وڵاتێك وه‌كو ئێران، توركیا، رووسیا و وڵاتانی سوننه‌ مه‌زهه‌بی كه‌نداو كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردانی له‌ نێو قه‌یرانی سووریادا بكه‌ن و هه‌ر یه‌ك هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ له‌ رێگه‌ی پشتگیریكردنی گرووپ و تاقمه‌ لایه‌نگره‌كانی خۆیانه‌وه‌، به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌ هه‌ستیارترین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بپارێزن.
لاواز بوونی رۆلی ئه‌مریكا له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی سووریادا و هه‌روه‌ها پشتگیری و پاڵپشتییه‌ به‌رفراوانه‌كانی توركیا و وڵاتانی سوننه‌ مه‌زهه‌بی كه‌نداو بۆ گرووپه‌ ئیسلامیسته‌ توندڕه‌و و سه‌له‌فییه‌كان بوونه‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی به‌ره‌ی جیاجیای ئایدئۆلۆژیكی و سه‌ربازی رادیكاڵی سوننه‌ مه‌زهه‌ب و هاوكات ده‌ستوه‌ردانییه‌كانی ئێران و پشتگیرییه‌كانی ئێران بۆ رژیمی سووریا و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌ شێعه‌كان بوو به‌ هۆكاری درێژتر بوونی ته‌مه‌نی رژیمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و هاتنه‌ كایه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی رادیكاڵی شێعه‌ مه‌زهه‌ب له‌و وڵاته‌.
له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و هاوسه‌نگی و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و به‌رانه‌دا، توركیا هه‌وڵی یه‌كجار زۆری بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌م پێگه‌ی خۆی له‌ سووریا به‌هێزتر بكات و هه‌م گرووپه‌ رادیكاڵه‌كانی نزیك له‌ خۆی به‌هێزتر بكات نه‌دا چونكه‌ پێ وابوو كه‌ رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ ئاسانی له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی قاعیده‌ و نوسره‌یه‌وه‌ له‌ناو ده‌برێت، به‌ڵام دوای شكه‌ستی گرووپه‌ رادیكاڵه‌ سوننه‌كان له‌ كۆبانێ و گرێ سپی و كۆتایی هێنان به‌ خه‌لافه‌تی سه‌له‌فیزیمی رادیكالیست له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كاندا، ترسێكی گه‌وره‌ له‌ دڵی توركیا نیشت و توركیا له‌ ترسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی و كرانه‌وه‌ی رێگه‌ی ده‌ریایی به‌ رووی كورددا ناچار بوو دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ سووریا و گرووپه‌ رادیكاڵه‌ سه‌له‌فییه‌كانی وه‌كو داعش، نوسره‌، قاعیده‌ و ... هتد بكات. بۆیه‌ توركیا زۆر به‌ په‌له‌ ده‌ستی كرد به‌ هاوكاری كردن و پشتگیری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی لۆجستیكی و سه‌ربازی بۆ ئه‌و گرووپانه‌ و ده‌یه‌ویست له‌ رێگه‌ی ئه‌م گرووپانه‌وه‌ هه‌م شۆڕشی كوردی له‌ رۆژئاوای كوردستان سه‌ركوت بكات و هه‌م رێگری له‌ كرانه‌وه‌ی كریدۆری كوردی و رێگای ده‌ریایی بۆ كورد بكات بۆ ئه‌وه‌ی كورد بۆ هه‌میشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا محتاجی توركیا بن و توركیایش وه‌كو ژێر ده‌ستی خۆی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورددا بكات.
كاتێك كه‌ رووسیایش بینی ئێران و به‌ره‌ی شێعه‌ و به‌ره‌ی سوننه‌ مه‌زهه‌بی سه‌له‌فی سه‌ربه‌ توركیا و سعوودییه‌ له‌ سووریا به‌هێز ده‌بن، و به‌ره‌ی سۆكۆلاری كوردی ئه‌و به‌ره‌یه‌ كه‌ نزیك له‌ ئه‌مریكایه‌ و ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی شپڕزه‌یی هاوكاری ده‌كات، ورده‌ ورده‌ گه‌شه‌ ده‌كات و به‌هێز ده‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ له‌ پاڵ ئاراسته‌ كردنی ره‌خنه‌ی زۆر توند له‌ ئیداره‌ی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا، ناچار ما كه‌ ئه‌ویش به‌ په‌له‌ ده‌ستوه‌ردانی كاروباری و قه‌یرانی سووریا بكات، سه‌رئه‌نجام رووسیایش به‌ هۆی پلان، به‌رنامه‌ و ستراتیژیه‌تی خۆیه‌وه‌ بۆ پاراستنی به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌ستوه‌ردانی ئه‌و قه‌یران و شه‌ڕه‌ی كرد و هاوسه‌نگی سه‌ربازی، سیاسی و ستراتیژیكی له‌ سووریا گۆڕی. به‌ هۆی هه‌وڵدان و ده‌ستوه‌ردانییه‌كانی رووسیاوه‌، به‌ره‌ی سوننه‌ مه‌زهه‌بی سه‌له‌فی كه‌ له‌ لایه‌ن توركیا و وڵاتانی كه‌نداوه‌وه‌ پشتگیری لێوه‌ ده‌كرا له‌ حه‌له‌ب و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ سووریا تووشی شكه‌ستێكی زۆر گه‌وره‌ بوو، له‌ به‌رامبه‌ریشدا له‌ سایه‌ی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانانه‌ی رووسیا به‌ره‌ی شێعه‌ و عه‌له‌وی كه‌ رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ركێشی بۆ ده‌كرد له‌ زۆربه‌ی زۆری ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی سووریادا به‌هێزتر بوو و چه‌ندین ناوچه‌ی به‌ تایبه‌تی حه‌له‌ب و ده‌ورووبه‌ری حه‌له‌بی له‌ ده‌ستی به‌ره‌ی رادیكاڵی سه‌له‌فی سوننه‌ مه‌زهه‌ب رزگار كرد. به‌مجۆره‌ هه‌ر سێ به‌ره‌ی سه‌له‌فی رادیكاڵی سوننه‌ و به‌ره‌ی توندڕه‌وی شێعه‌ و عه‌له‌وی و هه‌روه‌ها به‌ره‌ی سۆكۆلاری كوردی بوون سێ هاوسه‌نگ و پارسه‌نگی زۆر گه‌وره‌ و كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازی سووریادا و هه‌ر وڵاتێكی جیهانی و هه‌رێمیش هه‌وڵی بۆ به‌هێزتركردنی به‌ره‌ی نزیك و سه‌ربه‌خۆی ده‌دا. ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ تا رێككه‌وتنی حه‌له‌ب كه‌ له‌ نێوان توركیا، ئێران و رووسیادا ئیمزا كرا به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام به‌ ئیمزا كردنی رێككه‌وتنی حه‌له‌ب گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌تر روویدا. رێككه‌وتنی حه‌له‌ب كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ چه‌كداره‌كانی به‌ره‌ی سه‌له‌فی سوننه‌ مه‌زهه‌ب له‌ حه‌له‌ب كێشانه‌وه‌، شكه‌ستێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ به‌ره‌ی سوننه‌، توركیا و وڵاتانی سوننه‌ مه‌زهه‌بی كه‌نداو و له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كجار گه‌وره‌ بوو بۆ به‌ره‌ی شێعه‌ و رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د. كاتێك ئه‌م گۆڕأنكارییانه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ و گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازی سووریادا روویانده‌دا، ئیداره‌ی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بوو هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مریكا نه‌یده‌توانی به‌ شێوازێكی چالاكتر و زیاتر رۆلی خۆی له‌ سووریا بگێڕێت و هاوكاری به‌ره‌ی سۆكۆلاری كوردی بكات. به‌ڵام پێشڕه‌وییه‌كانی به‌ره‌ی سۆكۆلاری كوردی ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریكا سه‌لماند كه‌ نه‌ به‌ره‌ی سوننه‌ مه‌زهه‌بی سه‌له‌فی و نه‌ به‌ره‌ی رادیكاڵی شێعه‌- عه‌له‌وی، شیاوی ئه‌وه‌ نین كه‌ له‌ سووریادا پشتیان پێ ببه‌سترێت. ئیداره‌ی نوێ ئه‌مریكایش هه‌ر زوو گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ كه‌ به‌ره‌ی سۆكۆلاری پڕڕه‌نگی كوردی تاقه‌ به‌ره‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت بۆ ده‌ستنیشان كردنی داهاتووی سووریا و بۆنیادنانی سووریایه‌كی دیموكراتیك و فیدراڵ پشتی پێ ببه‌ستێت.
ئیداره‌ی نوێ ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد ترامپ، كه‌ هه‌ستی به‌م راستییه‌ كردبوو و له‌ پڕۆسه‌ی ئاستانا له‌ لایه‌ن توركیا، رووسیا و ئێرانه‌وه‌ په‌راوێز خرابوو، زۆر به‌ خێرایی ستراتیژیه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ سووریا گۆڕی و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا، ترامپ و تیمه‌كه‌ی له‌ سایه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری و ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكایه‌وه‌ له‌ باره‌ی ره‌وشی سووریاوه‌ ئاراسته‌یان كرابوون، بڕیاریدا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی چالاكتر و به‌رفراوانتر رۆلی خۆی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازی سووریادا بگێڕێت، ئیداره‌ی نوێ ئه‌مریكا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویستی به‌ هاوپه‌یمان یا خۆ هاوبه‌شێك بوو له‌ نێو سووریادا، ئه‌م هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه‌یش هیچ لایه‌نێك بێجگه‌ له‌ به‌ره‌ی سۆكۆلاری پڕڕه‌نگی كوردی نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌مریكا گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوا و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ تاقه‌ هێز كه‌ بتوانێت هاوسه‌نگییه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی سووریا بگۆڕێت، به‌ره‌ی سۆكۆلاری پڕڕه‌نگی كوردییه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌مریكا بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ئاستانادا ئه‌مریكایان په‌راوێز خستبوو و ره‌چاوی رۆل و پێگه‌ی ئه‌مریكایان نه‌كردبوو، به‌ شێوه‌ی فه‌رمی و ئاشكرا ده‌ستی كرد به‌ هاوكاریكردنی به‌ره‌ی سۆكۆلاری پڕڕه‌نگی كوردی و به‌مجۆره‌ به‌ رای گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی گوت كه‌ من وه‌كو ئه‌مریكا له‌ سووریا له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی سۆكۆلاری كوردی درێژه‌ به‌ رێپیوانی خۆم ده‌ده‌م و ئه‌و به‌ره‌یه‌ هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی منه‌ له‌ سووریادا.
دوای ئه‌م هه‌نگاو و گۆڕانكارییانه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ئه‌مریكا له‌مه‌و به‌دواوه‌ چالاكانه‌تر هه‌بوونی خۆی له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی، سه‌ربازی و جۆگرافی سووریا بسه‌لمێنێت و ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌ رێگه‌ی هاوكاریكردن و پشتگیریكردن له‌ به‌ره‌ی سۆكۆلاری پڕڕه‌نگی كوردی ده‌بێت، هۆكاری ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت هێزی سه‌ربازی خۆی له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا بێت و هاوكات ترامپ كه‌ راستڕه‌وێكی توندڕه‌وه‌ له‌ دژی ئایدئۆلۆژیای ئاینییه‌، بۆیه‌ ئه‌مریكا و هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆی سه‌لمێنراوه‌ كه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدئۆلۆژیای ئاینی كار ده‌كه‌ن، وه‌كو هاوپه‌یمان و هاوبه‌ش هه‌ڵسووكه‌وت بكات، بۆیه‌ گرنگی هه‌بوونی به‌ره‌ی سۆكۆلاری پڕڕه‌نگی كوردی له‌ سووریا بۆ ئه‌مریكا له‌ راده‌بده‌ره‌.
ئه‌مریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت كه‌ هه‌ڵه‌كانی رابردووی خۆی به‌ تایبه‌تی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ ساڵانی 2003 له‌ عێراق و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ئیسلامی ئه‌نجامیدان دووباره‌یان بكاته‌وه‌. دوای شه‌ڕی 2003 ئه‌مریكا عێراقی له‌ دیكتاتۆریه‌ت ئازاد كرد، سیسته‌مێكی نوێ بۆ بۆنیاد نا به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌مریكا پشتی خۆی به‌ به‌ره‌ی شێعه‌ و سوننه‌ له‌ عێراق به‌ستبوو، بۆیه‌ كاتێكی زۆری پێ نه‌چوو كه‌ به‌ره‌ی شێعه‌ ده‌ستی به‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ سوننه‌كان كرد و سوننه‌ و كورد له‌ سیسته‌می حكومڕانی عێراق له‌ لایه‌ن شێعه‌كانه‌وه‌ په‌راوێز خران و به‌ره‌ی شێعه‌ گوشاره‌كانی خۆی له‌ دژی كورد رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر كرد و له‌ كۆتاییدا به‌ره‌ی شێعه‌ی عێراقی وای له‌ عێراق كرد كه‌ ئه‌مڕۆ ئێران وه‌كو پارێزگایه‌كی خۆی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی به‌غدای شێعه‌ ده‌كات، ئه‌مریكا له‌م گۆڕانكارییه‌ زۆر تووڕه‌یه‌ بۆیه‌ نایه‌وێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ له‌ سووریایش دووباره‌ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ یه‌ك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ستراتیژیه‌ته‌ دوو ئالییه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ سووریا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پشت به‌ هیچ به‌ره‌یه‌كی ئاینی ببه‌سترێت به‌ڵكو ده‌بێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ به‌ره‌یه‌كی سۆكۆلاردا بكرێت، له‌ سووریایش بێجگه‌ له‌ به‌ره‌ی كوردی هیچ به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی سۆكۆلار بوونی نییه‌.
ئه‌مریكا حاڵی حازر بۆ داهاتووی سووریا دوو پلان یا دوو ستراتیژیه‌تی ئاماده‌ كردووه‌، ئه‌م دوو ستراتیژیه‌ته‌ زۆر له‌ یه‌كتر نزیكن، پلانی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سووریا بكرێته‌ سێ پارچه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكایش كه‌ له‌ سووریا زۆر چالاكه‌ پشتگیری ئه‌م پلانه‌ ده‌كات. پلانی دووه‌میش پارچه‌ كردنی سووریا بۆ چوار به‌شه‌ كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای ئیسرائیل ئه‌م پلانه‌ ئاماده‌ كردووه‌.
له‌ چوارچێوه‌ی پلانی یه‌كه‌مدا سێ ده‌وڵه‌ت له‌ سووریا داده‌مه‌زرێن، ده‌وڵه‌تی كوردی، ده‌وڵه‌تێكی سوننه‌ و ده‌وڵه‌تێكی شێعه‌- عه‌له‌وی، جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌ كه‌ ئیسرائیلیش به‌ مه‌رج پشتگیری لێوه‌ ده‌كات له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی رازی كردنی به‌ره‌ی رووسیا و ئێران له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ملكه‌چ كردنی به‌ره‌ی توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی كه‌نداو. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پلانه‌دا ده‌وڵه‌تی سوننه‌ له‌ سنووره‌كانی توركیاوه‌ له‌ نێوان عه‌فرین و منبج ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته‌ ناوچه‌ی دابق، دابق ده‌كه‌وێته‌ نێو سنووره‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه‌. له‌ رۆژئاوای منبج ده‌ست پێ ده‌كات و تا باكووری رۆژهه‌ڵاتی عه‌فرین درێژ ده‌بێت. سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی كوردیش به‌ درێژایی باكووری سووریا له‌ رۆژهه‌ڵات تا رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێته‌( له‌ سمێلكاوه‌ تا كه‌ناری به‌حری سپی). له‌ باشووریشه‌وه‌ له‌ ره‌قا ده‌ست پێ ده‌كات تا باشووری باب و له‌وێشه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌حری سپی. ده‌وڵه‌تی شێعه‌یش باشوور و ئه‌و به‌شه‌ی ناوه‌ڕاستی سووریا كه‌ ناكه‌وێته‌ نێو سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ ده‌گرێته‌ خۆ. ئه‌مریكا حاڵی حازر هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌ ده‌دات به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵێك ناكۆكی له‌ نێوان ئیسرائیل و ئه‌مریكادا له‌سه‌ر ئه‌م پلانه‌ هه‌ن كه‌ دوو له‌و ناكۆكییانه‌یش بریتین له‌ ئه‌منیه‌تی سنووره‌كانی ئیسرائیل و كریدۆری وزه‌. ئیسرائیل سه‌رده‌مانێكی دوور و درێژه‌ كه‌ هه‌وڵ بۆ له‌ خۆ نزیكتر كردنه‌وه‌ی هێڵی وزه‌ی هه‌ر دوو به‌شی كوردستان ( باشوور و رۆژئاوا) ده‌دات و هاوكات ئیسرائیل گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌مریكا كه‌ ئه‌منیه‌تی سنووره‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌ی جۆلان گه‌ره‌نتی بكات( پێم وایه‌ كه‌ ئه‌مریكا ئه‌م دوو مه‌رجه‌ی ئیسرائیل قه‌بووڵ ده‌كات) و به‌مجۆره‌ پلانی سێ پارچه‌ كردنی سووریا له‌ داهاتوویه‌كی نه‌ زۆر دووردا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پلانی چوار پارچه‌ كردنی سووریایش، هه‌ر وه‌كو پلانی سێ پارچه‌ كردنی سووریایه‌ جیاوازی ئه‌م پلانه‌ له‌وه‌ دایه‌ كه‌ ئیسرائیل به‌ پێشنیار و پشتگیری ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ سووریا چوار ده‌وڵه‌ت هه‌بن، بێجگه‌ له‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ ئاماژه‌مان پێیاندا، له‌ باشووری سووریایش له‌ نزیك سنووره‌كانی ئیسرائیل و ئوردنیش ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ دابمه‌زرێت كه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ده‌سته‌برای ئیسرائیل و ئوردن بێت و رۆلیشی به‌رگریكردن له‌ سنووره‌كانی ئه‌م دوو وڵاته‌ هاوپه‌یمانه‌ی ئه‌مریكا بێت. ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌ تۆزێك لاوازه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر عه‌له‌وی و دۆرزییه‌كان له‌ ده‌وڵه‌ته‌ شێعه‌كه‌ جیا بكرێنه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و كاته‌ ئێران و رووسیا كێشه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌ چونكه‌ ئێران و رووسیا داوای هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی شێعی به‌هێز له‌ سووریادا ده‌كه‌ن نه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی لاوازی شێعه‌.
له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ و سه‌رنجڕاكێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م هه‌ر دوو پلانه‌دا كورد فاكته‌رێكی زۆر گرنگ و سه‌ره‌كییه‌ و ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ سه‌رده‌می نوێ چالاكییه‌كانی خۆیدا له‌ سووریا پشتی خۆی به‌ كورد ببه‌ستێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ده‌یه‌وێت سه‌ره‌تا هه‌رێمی پارێزراو دروست بكات، ره‌نگه‌ دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌رێمانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو بێت كه‌ ئه‌مه‌یش سه‌لمێنه‌ری گرنگی پێدانی ئه‌مریكایه‌ به‌ كورد و پێگه‌ی كورد به‌ڵام پێویسته‌ كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌كڕێز بن، چونكه‌ یه‌كڕێزی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ سووریا و رۆژئاوای كوردستان پاڵنه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دروست كردنی هه‌رێمی پارێزراو وه‌كو ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو بێت كه‌ بۆ بنه‌مایه‌ك بۆ ئۆتۆنۆمی كورد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌كڕێز نه‌بن ئه‌وا ره‌نگه‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمی پارێزراو ناوچه‌ كوردییه‌كان له‌ رۆژئاوای كوردستان پارچه‌ بكات كه‌ ئه‌مه‌یش بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ له‌ به‌رده‌م پێشكه‌وتن و به‌ده‌سته‌وه‌ هێنانی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌تر له‌ لایه‌ن كورده‌وه‌ ده‌بێته‌ ئاسته‌نگ. ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌كڕێز بن ئه‌وا له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تی نوێ ئه‌مریكادا بۆ سووریا ده‌رفه‌تی ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ نێو تاسێكی زێڕیندا پێشكه‌شی كورد كراوه‌ و كورد ده‌توانێت به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕێزی خۆی بگاته‌ ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ی كه‌ زیاتر له‌ سه‌د ساڵه‌ له‌ پێ ناوی خه‌بات ده‌كات و قوربانی ده‌دات.
ئه‌رده‌لان گۆران

 

Tevlîker

Erdelan Goran
Erdelan Goran

Berfirehî

Nivîsên Dawî

دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت مافی تاكه‌ كه‌س و لایه‌نێك نیه‌ و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ نه‌زهه‌ت حالی
Slider

دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت مافی ..

07.04.2017 22:04    Rewşenbir

دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت مافی تاكه‌ كه‌س و لایه‌نێك نیه‌ و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ نه‌زهه‌ت حالی جێگای دڵگرانیە تائیستاش هه‌ندێ كه‌س هه‌ن له‌و كوردستانه‌ ، به‌ دروستی له‌ پێگه‌ و پایه‌ی به‌رزی ئێستای گه‌..

Bixwîne
      88
ڕۆژی زمانی دایک، ڕۆژی زمانی زگماکی:  بفەر دەزانم  لە ڕۆژی زمانی دایک دا کورتە باسێک لە ژیانی خۆمەوە بگێرمەوە کە هاوپەیوەندە بە زمانی دایکەوە: کاتێ مناڵ بووم زۆر ئارەزووم دەکرد پەرتووک و نووسراوەکان دە دەست وەردەم، بەتایبەت  کتێبی ئەرەبی (عەرەبی) لە تەمەنی
زمانناسی

ڕۆژی زمانی دایک، ڕۆژی زمانی..

21.02.2017 22:49    Maaf Barzani

ڕۆژی زمانی دایک، ڕۆژی زمانی زگماکی: بفەر دەزانم  لە ڕۆژی زمانی دایک دا کورتە باسێک لە ژیانی خۆمەوە بگێرمەوە کە هاوپەیوەندە بە زمانی دایکەوە: کاتێ مناڵ بووم زۆر ئارەزووم دەکرد پەرتووک و نووسراوەکان دە دەست وەردەم، بەتایبەت  کتێبی ئەرەبی (عەرەبی) لە تەمەنی حەوت هەشت ساڵیدا دەستم بە خوێندنەوە کرد، سەرەتا لە زمانی ئەرەب..

Bixwîne
      1428
ئه‌مریكا، كورد و داهاتووی سووریا
سیاسەت

ئه‌مریكا، كورد و داهاتووی س..

02.02.2017 16:54    Erdelan Goran

ئه‌مریكا، كورد و داهاتووی سووریا له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی سووریادا ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما وه‌كو پێویست رۆلی خۆی له‌ سووریا نه‌گێڕا، بۆیه‌ رێگا بۆ چه‌ند وڵاتێك وه‌كو ئێران، توركیا، رووسیا و وڵاتانی سوننه‌ مه‌زهه..

Bixwîne
      115